شاعیر: ئاوات
کتێب: شاری دڵ
سەرناو: شایی و شین
لەبارەی شیعر: قاقڵاوا، ١٣٣٥ی هەتاوی - (لاپەڕە ٢٠٢ ی چاپی ئەنیسی و ٣٣٢ ی چاپی جەعفەر)

لایەک شایی یە، لە لایەک شینە
لایەک هەڵپەڕکێ، لایەک گرینە

لایەک جل دەبەن بۆ بووکی ساوا
لە لایەک کفن دەبڕن بۆ زاوا

تەماشای دنیا و بێ‌وەفایی ئەو
به یەک چەسپان و لێک‌جیایی ئەو

با بەس من و تۆ بە تەمای ئەو بین
با بەس بێ‌خەبەر، ئاوبردەی خەو بین

با وەخەبەر بێین، فکری کارێ کەین
بیر و باوەڕمان بۆ لای یارێ بەین [١] 

ئەو یارەش دیاره تاق و تەنیایە
به‌وەفا و کەرەم، زاتی خودایە

هەر خزمەت بەوه پاداشی زۆره
به وتەی من‌که، دڵت مەگۆڕە

هەر ئەو دەژیێنێ، هەر ئەو دەمرێنێ [٢] 
ئاخری بۆخۆی تەنیا دەمێنێ

'ئیمامی' ئەوا ڕووی کردۆته تۆ
پێنج فەڕزه سوجدەی هەر بردۆته تۆ

١. چاپی ئەنیسی: یارێ کەین
٢. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: دەژێنێ... دەمرێنێ